تەندروستيا جیهانی: 90% خەلك هەوايێ پیس هەلدكێشن
رووداو-سلێمانی
رێکخراوی تەندروستیی جیهانیی هۆشداریدەدات کە هەوا بەشێوەیەکی مەترسیدار پیسبووە لە چەندین ناوچەی زەویدا و ساڵانە ملیۆنان کەس دەکاتە قوربانیی.
بەپێ یداتا نوێیەکانی رێکخراوە جیهانییەکە، ئێستا لەسەر ئاستی جیهاندا لە هەر 10 کەس، 9 کەسیان هەوای پیس هەڵدەمژن و ساڵانەش زیاترلە 7 ملیۆن کەس بەهۆی لێکەوتەکانی هەوای پیس لە دەرەوە و ناوەوەی ماڵ دەمورن.
د.تێدرۆس ئادهانۆم، بەڕێوەبەری گشتی ئەورێکخراوەی سەر بە یوئێن، دەڵێ “مایەی قبووڵکردن نییە کە تاکو ئێستاش زیاترلە ٣ ملیار کەس دووکەڵی مەترسیدار لەنێو ماڵەکانیان هەڵدەمژن بەهۆی ئاگردان و تەباخی چێشتلێنان و کەرەستە هاوشێوەکانیان”.
بەپێی خەمڵاندنەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانیی ساڵانە زیاترلەحەوت ملیۆن کەس بەهۆی هەڵمژینی تەنۆلکە پیسکەرەکانی هەوا دەمرن، تەنۆلکەگەلێک کە دزەدەکەنە نێو قووڵایی سییەکان و دڵ و بۆڕییەکانی خوێن و دەبنەهۆی نەخۆشییە سەردەمییەکانی وەکوو؛ جەڵتەی مێشک، نەخۆشییەکانی دڵ، شێرپەنجەی سییەکان، گیرانی بۆڕییەکانی هەوا، هەوکردنی سییەکان و بۆڕییەکانی هەوا.
ساڵی 2016 وەها خەمڵێنراوە لەسەر ئاستی جیهان 4.2 ملیۆن کەس بەهۆی هەوای پیسی دەرەوەی ماڵ مردوون، هەروەها 3.8 ملیۆن کەسیش بەهۆی پیسیی هەوای نێو ماڵەکان مردوون، کە سەرچاوەکەیان بریتییە لەکەرەستەکانی چێشتلێنان و ماڵ گەرمکردن کە بە سووتەمەنییەکان کاردەکەن.
هەروەک دەرکەوتووە 90%ی حاڵەتەکانی مردن بە هەوای پیس لە وڵاتە هەژار و مامناوەندەکان روودەدەن، بە پلەی یەکەم لە ئاسیا و ئەفریقا، پاشان رۆژهەڵاتی دەریای نێوەراست، ئینجا ئەوروپا و ئەمریکا.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانیی دەڵێ پیسبوونی هەوا هۆکارێکی ریگاخۆشکەری سەرەکییە بۆ نەخۆشییە درێژخایەنە نەگوازراوەکان، بەجۆرێک؛ هۆکاری 24%ی حاڵەتەکانی مردنە بە نەخۆشییەکانی دڵ، 25% ی حاڵەتەکانی مردن بە جەڵتەی مێشک، 43%ی حاڵەتەکانی مردن بە گیرانی بۆڕییەکانی هەوا و 29%ی حاڵەتەکانی مردن بە شێرپەنجەی سییەکان.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
