خەلکێ سلێمانيێ و هەلەبجە پشتهڤانيا سەربەخۆبوونا کوردستانێ دكن
باسنيۆز:
بەپێی ڕاپرسییەک لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، لە سەرووی %90ی خەڵک دەنگیان بە سەربەخۆیی کوردستان داوە، بەرپرسی لقی هەڵەبجەی پارتیش دەڵێت: “دڵخۆشین بەوەی لەم سنوورەدا لە سەرووی %90 خەڵک پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستان دەکەن”.
بەپێی ئەنجامی ڕاپرسییەکەی سلێمانی و هەڵەبجە کە لە لایەن سەنتەری ئاشتی و ئاسایشی مرۆڤایەتیی زانکۆی ئەمریکی، سەبارەت بە سەربەخۆیی کوردستان ئەنجام دراوە، لە پارێزگای هەڵەبجە، 82.9٪ی خەڵکی بە بەڵێ دەنگیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان داوە.
لەمبارەیەوە فازل بەشارەتی، بەرپرسی لقی 12ی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە سنووری هەڵەبجە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “لە دوای ئەو ڕاپرسییەی کرا لە سەرتاسەری کوردستان، ئەوەی مایەی دڵخۆشییە، دەرئەنجامی ڕاپرسییەکەیە لە هەڵەبجە، چونکە دیارە ماندووبوونێکی زۆر باشیان کردووە، ئەگەر بێت و ئەو “ژاوەژاوەی”حزبەکان نەبووایە، ئەوە دەنگدان لەم سنوورە دەگەیشتە لە 90% و دڵنیام لە کاتی دەنگداندا لە سەرووی 90٪ی خەڵکی هەڵەبجە دەنگ بۆ جیابوونەوە و سەربەخۆیی دەدەن، چونکە لە سەرەتای بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەکەمانەوە، هەڵەبجە لانکەی شۆڕش و بەرخودان بووە”.
هەر لەمبارەیەوە، نیاز حاجی، چاودێری سیاسی نووسیویەتی: “ئەنجامی ڕاپرسییەکەی سلێمانی و هەڵەبجە دڵخۆشکەرە، سەنتەری ئاشتی و ئاسایشی مرۆڤایەتیی زانکۆی ئەمریکی لە ڕاپرسییەکانیدا سەبارەت بە بابەتی سەربەخۆیی، لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، ئەو ئەنجامەیان ئاشکرا کردوە، سلێمانی 67٪ دەنگیان بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی داوە و هەڵەبجەش 82.9٪ دەنگیان بە بەڵێ داوە بۆ سەربەخۆیی، ئەو ئەنجامە دڵخۆشکەرە و دەکرێ هیوای باشی لەسەر هەڵبچنرێت”.
بە گوتەی ئەو چاودێرە سیاسییە، لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە، بە چەندین شێواز کار لەسەر ڕووخاندنی تاکی کورد کراوە، بەهەموو شێوەیەک هەوڵدراوە گیانی نەتەوەیی و کوردپەروەری بپووکێتەوە، چەندین ڕاگەیاندن و ناوەندی جۆراوجۆر، “بەبێ وێژدانییەوە و بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و نا ڕاستەوخۆ، بەگەڕ خرابوون بۆ دژایەتیی سەربەخۆیی، هەردەم پەرەیان بە دۆخی ناسەقامگیر و توندوتیژی و رقلێبوونەوە داوە، ئەو ناوچەیە ببووە ناوەندی ململانێی سیاسیی ناتەندروست و ملشکاندنی یەکتری، ئیدارەکەشی، تا رادەیەکی زۆر لە خەمی هاووڵاتییاندا نەبووە و بەراست و چەپ خەریکی ڕووتانەوەی دانیشتووانەکەی بووە، خزمەتی پێویستیان پێشکەش نەکردووە”. جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە سەرجەم ئەو هەوڵانە شکستیان هێناوە و کاریان لەسەر ویستی خەڵکی ناوچەکە بۆ سەربەخۆیی کوردستان نەکردووە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
