خوارنا “دایت” ئەگەرێ قەلەوبوون و شەکرێ زێده دکت
رووداو-سلێمانی
توێژینەوەیەکی نوێی ئەمریکی دەڵێ خواردن و خواردنەوە بێ شەکر (دایت) ەکان ئوگەری قەڵەوبوون و تووشبوون بە شەکرە زیاددەکەن.
توێژەرەکان لە زانکۆی (یەیڵ)ی ئەمریکاوە بوون و ئەنجامی توێژینەوەکەیان لە جۆرناڵی زانستی (journal Current Biology) بڵاوکردووەتەوە.
توێژینەوەکە لەسەر 15 کەس ئەنجامدراوە کە سەرەتا خواردنەوەی “دایت” و پاشان خواردنەوە شیرینەکانیان بەکارهێناوە، دواتر پشکنین بۆ مێشک و ئاستی زیندەپاڵیان کراوە.
خواردنەوە (دایت)ەکان بڕێکی کەم کالۆری دەدەن بەراورد بە خواردنەوە ئاساییە شیرینەکان، کەواتە بۆچی دەبنەهۆی قەڵەوی و شەکرە؟ توێژەرەکان دەڵێن هۆکارەکە ئەوەیە خواردنەوە (دایت)ەکان وادەکەن مێشک بە هەڵە هەژماری کالۆرییەکانی پێبگات و بەوەش تێکڕای زیندەپاڵ کەمدەکەنەوە.
لەباری خواردنەوە شیرینەکاندا ئاماژەیەک بە مێشک دەگات کە بڕێکی زۆر کالۆری گەیشتووەتە جەستە و تا شیرینییەکە زیاتر بێ ئاماژەکە بەهێزتر دەبێ.
بەڵام لەباری خواردنەوە (دایت)ەکان ئەم پەیوەندییە تێکدەچێ و مێشک چیدیکە نازانێ شیرینی زیاتر بە واتای کالۆری زیاترە!
تێگەیشتنی هەڵەی مێشک دواجار وادەکات راددەی زیندەپاڵ داببەزێ، ئەوەش ئەگەری تووشبوون بە قەڵەوی و شەکرە زیاددەکات.
بەشێک لە پسپۆڕان دەڵێن هێشتا زووە بڵێین خواردنەوە شیرینەکان باشترن لە خواردنە (دایت)ەکان و دەبێ توێژینەوەی زیاتر بکرێن تا بگەینە بڕیاری کۆتایی.
تاکو ئێستاش رێنمایی فەرمی ئەوەیە خواردنەوە (دایت)ەکان باشترینن بۆ تووشبووانی شەکرە، هەروەک ئەگەری کلۆربوونی ددان لە خواردنەوە (دایت)ەکاندا کەمترە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
