پیلانهكا مەترسیدارا بەغدا دژی كوردستانێ ئاشكهرا دبت
وشه
سەرۆك وەزیرانی عێراق و هاوپەیمانی شیعەكان دەستیان بە هەڵمەتێكی چڕ كردووە بۆ تێكدان و پەرتەوازەكردنی یەكڕیزی ناوماڵی كورد لە هەرێمی كوردستان، ئەمەیش لە ڕێی بەكارهێنانی كارتی شاری سلێمانی كە بە تەواوی بۆ گۆڕان و یەكێتی یەكلا بووەتەوە، بە ئامانجی ئەوەی ریفراندۆم شەرعیەتی لە دەست بدات و ئەو دوو حزبە دژی پرۆسەكە بوەستنەوە.
سەرچاوەیەكی تایبەت بە “العربی الجدید”ی ڕاگەیاندووە، جموجۆڵی نوێ لەلایەن بەغداوە بە ئاراستەی سەركردەكانی گۆڕان و یەكێتی لە سلێمانی دەستی پێ كردووە، بە ئامانجی ڕازیكردنیان بە دووركەوتنەوە و دەسبەرداربوون لە پرۆسەی پڕۆژەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان و سەرەنجام گرژی و نائارامی لەگەل هەولێر دروست بكەن و كۆی پرۆسەكە لەبار ببەن.
سەرچاوەكە یەكێكە لە سەركردەكانی ناو هاوپەیمانی نیشتمانی شیعە و ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، بەغدا بە تەواوی دەستی بە جموجۆڵ كردووە و پێوەندی لەگەڵ زۆربەی سەركردەكانی یەكێتیی نیشتمانی و بزووتنەوەی گۆڕان كردووە، ئەمەیش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەستوەردانی تاران دێ كە پەستانی خستووەتە سەر سەركردەكانی ئەو دوو حزبە تا بە تەواوی پڕۆژەی ریفراندۆم و پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان هەڵبوەشێننەوە و شكستی گەورەی پێ بهێنن.
ئەو سەركردە شیعەیە دەڵێ، تا ئێستە ئەو جموجۆڵانەی كراون و گفتوگۆ لەگەڵ سەركردەكان كراوە، سەركەوتوو بوون، دەمانەوێ تەواوی ناوچەكانی كوردستان كە لە ژێر دەستی بارزانیدا نین لە پرۆسەكە پاشگەز ببنەوە و دژی ئەنجامی ریفراندۆم كار بكەن، تارانیش بۆ ئەو مەبەستە ڕۆڵێكی زۆر باڵا دەبینێ لە پشتیوانیكردنی بەغدا بۆ پێكانی ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ڕیفراندۆم و شكستهێنان بە پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان.
ئەو دەڵێ، بەگوێرەی ئەو بەرنامەیەی دانراوە، لە داهاتوویەكی نزیكدا ڕێ بە گەڕانەوەی پەرلەمانتارانی یەكێتی و گۆڕان دەدرێ بۆ ناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەوان لەوێدا بە بەیاننامە هەموو پرۆسەكە دەخەنە ئەستۆی مەسعوود بارزانی و پەشیمانی خۆیان لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و ڕەتكردنەوەی ئەنجامەكەی دووپات دەكەنەوە.
ڕۆژنامەكە نووسیویەتی، ئەو پیلانەی تاران و بەغدا لە كاتێكدایە كە لە ڕۆژانی ڕابردوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد هاوسەری سەرۆكی كۆچكردووی عێراق جەلال تاڵەبانی كە هاوكات ئەندامی مەكتەبی سیاسیی ئەو حزبەیە، پەشیمانی خۆی لە پرۆسەكە دەربڕی و ئاماژەی داوە، دەڵێ عینادیمان كرد و ئەوەیش باش نەبوو، ئەمەیش بە پاشگەزبوونەوە هەژمار دەكرێ و هاوكات لە بڕیاری زۆرینەی لایەنە سیاسییەكان بە جێگری یەكەمی سكرتێری حزبەكەیشەوە دەرچوو كە پێكهێنەری ئەنجوومەنی سیاسیی سەركردایەتیی كوردستان-عێراقیان پێك هێنا.
هاوكات بزووتنەوەی گۆڕان لە ڕاگەیەنراوێكدا بێ ئەوەی باس لە ئەنجامەكانی ڕیفراندۆم بكات، دووپاتی لەوە كردەوە كە پێویستە دەست بە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بكرێ و كۆتا بە تەنگژەی ڕیفراندۆم و گرژی میدیایی بهێنرێ، ناوهێنانی دەنگدانی خەڵك بۆ دیاریكردنی مافی چارەی خۆنووسین بە تەنگژەی ڕیفراندۆم، پاشگەزبوونەوەیەكی تەواوی گۆڕانە لە پرۆسەكە كە هەر لە سەرەتاوە لەگەڵیدا نەبوو، بەڵام سەركردەكانی دەنگیان بە بەڵێ بۆ دا.
جاسم محەمەد جەعفەر ئەندامی هاوپەیمانی نیشتمانی شیعە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەوبارەوە ڕای گەیاند، هاوپەیمانی پێوەندییەكانی لەگەڵ سەرجەم لایەنەكان نەپچڕاندووە، بەڵام سەرەتا دەست بە گفتوگۆ و تێگەیشتن لەگەڵ ئەو لایەنانە دەكەین كە بەرهەڵستی ڕیفراندۆم و ئەنجامەكەیان كردووە، بە گشتی هاوپەیمانی نیشتمانی دەست بە قۆناغێكی نوێی پێوەندی و دانوستاندن لەگەڵ ئەو لایەنانە دەكاتەوە و پەڕەیەكی نوێ هەڵدەداتەوە، بەو مەرجەی دووپات لە یەكێتیی خاكی عێراق و سەروەری بكرێتەوە و هەموو دەسەڵاتەكانی فیدراڵیش لە دەستی بەغدا بمێنێتەوە.
مووسا تاڵەبانی شارەزا لە بواری كوردستان بە ڕۆژنامەكەی گوتووە، هەنگاوی بەغدا بۆ دروستكردنی كێشە لە ناوخۆی كوردستان، بە هەمان شێوە كارتی كوردستانیشە دژی بەغدا.
هاوكات كیفاح مەحموود ڕاوێژكاری میدیایی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاماژەی داوە، بارزانی خۆی بۆ سەرۆكایەتیی هەرێم كاندید ناكاتەوە و قۆناغی داهاتوو زۆر ورد و گرنگە، بۆیە بارزانی دەیەوێ بە تەواوی خۆی بۆ ئەو پرسە یەكلا بكاتەوە.
ڕۆژی 25ی مانگی ڕابردوو پرۆسەی ڕیفراندۆم لە ناوچە كوردستانییەكان و هەرێمی كوردستان ئەنجام درا و ئەنجامی پرۆسەكە بە دەنگی 92% هاووڵاتییانی كوردستان بۆ سەربەخۆیی كوردستان یەكلا بووەوە، دوای ئەوە بەغدا دەستی بە دەركردنی چەندان بڕیار و هەنگاو كردووە بۆ گەمارۆدانی كوردستان، بەڵام كوردستان تا ئێستە هیچ كارتێكی تری دژی بەغدا بەكار نەهێناوە و بەردەوام داوای گفتوگۆ و دانوستاندن دەكات، دەستوەردانی بەغدا و ئێران لە شكستهێنانی پرۆسەی ریفراندۆم و ئەنجامنەدانی پێشتر بە ڕوونی دەركەوت، دوای ئەوەی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لەگەڵ چەند بەرپرسێكی یەكێتی، دژایەتی خۆیان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە كەركووك ڕاگەیاند، بەڵام كۆسرەت ڕەسووڵ عەلی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە پەلە گەیشتە كەركووك و ڕێی لە سەركەوتنی ئەو پیلانە گرت.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
