حەشدا شەعبی بوويە مەترسیی جددی بۆ سەر مەسیحیێن دەشتا نەینەوا
باسنيوز:
نوێنەرێكی مەسیحییەكان لە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك ڕای دەگەیەنێت، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی تاوان دژ بە مەسیحییەكانی دەشتی نەینەوا ئەنجام دەدەن.
لینۆس عودیشۆ پەترۆس، نوێنەری مەسیحییەكان لە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “زۆرینەی مەسیحییەكانی عێراق لە دەشتی نەینەوا دەژین و ئێستاش بەشێكی زۆری دەشتی نەینەوا لە لایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبییەوە داگیر كراوە و مەسیحییەكانیش لەو ناوچانە لە دۆخێكی ناخۆشدان و ئەو میلیشیایانە هیچ ڕەحم بە مەسیحییەكان ناكەن”.
نوێنەری مەسیحیەکان ئاشكراشی كرد: “دۆخی مەسیحییەكانی شارۆچكەی (تلكیف)یش خراپە و زۆرینەشیان ئاوارە بوون و ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و ئەوانەش كە لە شارۆچكەكەدا ماون، لە لایەن حەشدی شەعبییەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە.
نوێنەری مەسیحییەكان لە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: “لەبارەی ڕەوشی مەسیحییەكانی دەشتی نەینەوا مەسیحییەكان لەڕێگەی كەنیسەكانەوە داوایەكی فەرمییان ئاراستەی نەتەوە یەكگرتوەكان و UN كردووە بۆ ئەوەی بێنە سەر خەت و هەوڵ بدرێت مەسیحییەكانی دەشتی نەینەوا لە توندوتیژییەكانی حەشدی شەعبی بپارێزرێن”.
ئەوەشی خستەڕوو، پێشتر چەند ڕێكخراوێكی مەسیحی هۆشدارییان دابووە جیهان لە مەڕ داگیركردنی ناوچە مەسیحی نشینەكانی دەشتی نەینەوا و بە ئامانجكردنی مەسیحییەكان لە لایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبییەوە.
گوتیشی: “تەنیا لە شارۆچكەی تلكیف زیاتر لە هەزار خێزان ئاوارە بوونە و زۆرینەشیان مەسیحین و زۆرینەی گوندەكانیشیان لەو سنوورە بە چۆڵی ماوەتەوە”.
لەمبارەوە سروود سەلیم، پەرلەمانتاری مەسیحی لە پەرلەمانی کوردستان پێشتر بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاندووە: “هەتا پێش ساڵی 2003 لە عێراق، زیاتر لە یەک ملیۆن و 500 هەزار مەسیحی لە عێراق دەژیان، بەڵام بەهۆی شەڕ و توندوتیژییەکان و بەتایبەت توندڕەوە مەزهەبییەکانی شیعە لە عێراق زێدی خۆیان لە بەغدا، پارێزگاکانی نەینەوا، بەسرە، کەرکووک و میسان و ناوچەکانی دیکە دەرکراون و عێراقیان بەجێ هێشتووە”.
لە کاتی هێرشی داعش بۆ سەر مووسڵ و دەشتی نەینەوا زۆربەی مەسیحییەکان و کەمینە ئایینەکانی دیکە ڕوویان لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەت هەولێر و دەوروبەری دهۆک کرد و ئێستا بێجگە لەو مەسیحیانەی کەلە هەرێمی کوردستان دەژین، ئەو بنەماڵە مەسیحیانەی کەلە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبیدان، ژیان و گەیانیان لە مەترسیدایە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
