نەجیبە نەجیب: مەترسیدارترین گهف بۆ سەر عێراقێ پشتى داعش، گەندەلییە
هەولێر-KDP.info-![]()
ئابووریناسێك باس لەوە دەكات، زۆر جار بەرپرسانی حكوومەتی عێراق بۆ پەردەپۆشكردنی گەندەڵی و بندیوارەكانی خۆیان، پەنجەی تۆمەت بۆ هەرێمی كوردستان درێژ دەكەن، لە كاتێكدا عێراق گەندەڵترین وڵاتە لە جیهاندا، ئەمەیش بەپێی راپرسییە نێودەوڵەتییەكان.
بەرپرسانی عێراق، زۆر جار هەرێمی كوردستان تۆمەتبار دەكەن بەوەی كە گەندەڵی و ناشەفافیی تێدایە، لە كاتێكدا بەپێی راپرسییە نێودەوڵەتییەكان، عێراق گەندەڵترین و ناشەفافترین وڵاتە لە جیهان و گەندەڵییەكی زۆری تێدایە و خەریكە لە ڕووی ئابوورییەوە بەرەو داڕمان دەچێت و قەرزێكی زۆری لەسەرە، كە دەگاتە نزیكەی 130ملیار دۆلار، بۆیە شارەزایانی ئابووری باس لەوە دەكەن، ئەگەر رێگری لەو گەندەڵی و بەهەدەردانەی سامانی گشتی نەكات، عێراق لە مەترسییەكی گەورەی ئابووریدایە.
نەجیبە نەجیب، ئابووریناس و ئەندامی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: “عێراق زۆر جار پەنجەی گەندەڵی ئاڕاستەی هەرێمی كوردستان دەكات كە مەبەستەكەی سیاسییە و بۆ لاوازكردنی پێگەی هەرێمی كوردستانە بەرانبەر خەڵك و وڵاتانی دەرەوەیش، ئەگەر نا هیچ لە خەمی خەڵكی كوردستاندا نین و تەنیا دەیانەوێت هەرێمی كوردستان تۆمەتبار بكەن، چونكە بەپێی راپرسیی رێكخراوی شەفافییەتی جیهانی، عێراق یەكێكە لەو وڵاتانەی شەفافییەت لە هیچ داهاتێكیدا نییە و، لە ساڵی 2003ـوە تا ئێستا، 996ترلیۆن دینار چووەتە ناو خەزێنەی عێراق، بەڵام گەر بەراورد بكرێت بە خەرجكردنی پارەكە بۆ ئاوەدانكردنەوەی عێراق، پێویست بوو دەوڵەتێكی نوێ بەو پارەیە دامەزرێت”.
نەجیب گوتیشی: “زۆر جار باسی بندیوار دەكرێت، لە عێراقدا ژمارەی كەسانی بندیوار یەكجار زۆرە، چونكە نزیكەی 10ملیۆن كەس لە عێراقدا مووچەخۆرن كە لەوانە سێ ملیۆن كەس فەرمانبەری ڕەسمی و 3ملیۆن و 750هەزار خانەنشین و ملیۆنێك و 250هەزاری چاودێری كۆمەڵایەتین، هەروەها حەشدی شەعبییش 122هەزار كەسن كە ساڵانە نزیكەی 50 بۆ 55ترلیۆن دینار تەنیا دەدرێتە مووچە، كە ژمارەیەكی زۆر لەو رێژانە هەمووی بندیوارن”.
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان ڕوونیشی كردەوە: “بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان، عێراق گەورەترین وڵاتی گەندەڵە و مەترسیدارترین هەڕەشە بۆ سەر عێراق دوای داعش، گەندەڵییە، بەڵام كاتێك عەبادی باسی گەندەڵیی هەرێم و بوونی بندیوار لە هەرێم دەكات، سێ مەبەستی هەیە، دەیەوێ سومعەی هەرێم بەرانبەر خەڵك و دنیا نەمێنێت و ناكۆكیی نێوان لایەنەكانی هەرێم زیاتر بكات، جگە لەوەیش دەیانەوێت گەندەڵی و بندیوارەكانی خۆیان بشارنەوە و زوومی كامێراكانی راگەیاندن بخەنە سەر هەرێمی كوردستان و هیی خۆیان داپۆشن، ئەگەر نا عێراق بێحیساب گەندەڵە، چونكە جگە لەو داهاتەی هاتووە بۆ ناو خەزینەكەی عێراق، ئەو وڵاتە بن قەرزیش كەوتووە، كە بە چەندین ساڵ ناتوانێ ئەو هەموو قەرزە بداتەوە و هەمووی بە هەدەر دراوە بە دزی و تاڵانكردن، بۆیە عێراق هیچ كات ناتوانێ خۆی بە هەرێمی كوردستان بەراورد بكات، چونكە هەرێمی كوردستان لە هەموو ڕوویەكەوە لە عێراق پێشكەوتووترە”.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
