دڤێت ل ماوێ 10 رۆژا دا حکوومەتا هەرێما کوردستانێ بهرسڤا بەغدا بدهت
باسنيۆز:
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، دەبێت لە ماوەی 10 ڕۆژی یەکەمی سەری ساڵی نوێ، حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی حکوومەتی عێراق بداتەوە، بۆ ئەوەی پشکی هەرێمی کوردستان وەک لە بودجەی گشتیی 2017ی عێراقدا بڕیاری لێ دراوە، خەرج بکرێت.
د.ئەردەڵان نورەدین، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “دوای پەسەندکردنی یاسای بودجەی 2017ی عێراق، بەپێی یاسا، دەبێت لە ماوەی 10 ڕۆژی یەکەمدا، برێک پارە ڕەوانەی کوردستان بکرێت، تا کۆتایی مانگەکە، دەبێت بەغدا سێ پشک پارە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت”.
ئەوەشی روون کردەوە: “دەبێت هەرێمی کوردستان پێش کۆتایی 10 ڕۆژی یەکەم لە مانگی 1\2017 وەڵامی بەغدا بداتەوە کە ئایا پابەند دەبێت بەوەی نەوت بنێرێتە بەغدا و نەوتی خۆی ڕادەستی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بکات، یان پابەند نابێت و ئالیەتی تایبەت بە خۆی دەبێت”. گوتیشی: ”ئەو پارەیەی لەبەغدا بۆ هەرێمی کوردستان دێت، پشکی مووچەی فەرمانبەرانە، بەڵام تائێستا هیچ شتێک دیار نییە”.
پێشتر حکوومەتی هەرێمی کوردستان نیگەرانیی خۆی لەبەرامبەر ئەو بڕگە و ماددانەی یاسای بودجەی گشتیی 2017ی عێراق دەربڕیبوو کە لەبارەی پابەندبوونە داراییەکانی عێراق بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان داندرابوو. هاوکات لە کۆبوونەوەیەکیشدا لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان، ئاماژە بەوە درابوو کە شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەمبارەیەوە سەردانی بەغدا دەکات.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
